Javascript DHTML Drop Down Menu Powered by dhtml-menu-builder.com
توركیاو ستراتیجی بادانەوە بەلای رۆژهەڵاتدا


فەرید ئەسەسەرد

هەوڵەكانی توركیا بۆ نواندنی رۆڵێكی گەورە لەناوچەكەدا تێڕوانینی جیاوازیان دروست كردووە. تێكەڵا بونەوەی توركیا لەگەڵا گرفتەكانی ناوچەكەدا، كەبێگومان كارێكی وا هەندێ‌ گێچەڵ بۆ توركیا دەنێتەوە، هاوكاتە لەگەڵا بێئومێدبون لەوەرگرتنی بەئەندام لەڕیزی یەكێتیی ئەوروپا.

توركیا نكوڵی لەوە دەكا كەپشتی لەڕۆژئاوا كردوەو روی كردۆتەوە رۆژهەڵات‌و ئەمە، وەك سەرەك وەزیران رەجەب تەیب ئەردۆغان لەوتارێكدا لەبەردەم خوێندكارانی زانكۆیەكی ویلایەتی ترابزون گوزارشتی لێ‌ كردوە، بە ((پرۆپاگەندەیەكی رەش)) ناو دەبا. ئەردۆغان ویستی نیشانی بدا كەسیاسەتی دەرەوەی وڵاتەكەی سیاسەتێكی فرە دورایییەو توركیا سەرقاڵی نواندنی رۆڵێكی نوێیە لەناوچەكەدا. بەڵام ئەمە ئەوە ناشارێتەوە كەهێشتا لەناو توركیا ناسنامەی رۆژهەڵاتی‌و ناسنامەی رۆژئاوایی لەململانێدان‌و ئێستا ئەم مەسەلەیە بەقەد جاران پەیوەندیی بەمەسەلەی هەژاری‌و دەوڵەمەندیی ناوچەكانەوە نیە. لەكاتێكدا كەجاران میتۆدی بیركردنەوەی رۆژئاوایی بەئاشكرا بەسەر بیركردنەوەی چینی دەستەبژێری توركدا زاڵا بوو، ئێستا گوڕو تینی بیركردنەوەی رۆژهەڵاتییانە لەسەر بەرزترین ئاست خۆی دەنوێنێ‌. ئەوەی ئەمە دەسەلمێنێ‌ ئەوەیە كە لەسەردانی ئەم دوایییەی ئەردۆغان بۆ فەرەنسا، مەدام ئەردوغان لێ‌ نەگەڕا وەزیری دەرەوەی فەرەنسا بێرنارد كۆشنێر دەستی ماچ بكا. ئەم روداوە بەو مانایە دێ‌ كەچینی دەستەبژێری دەسەڵاتداری توركیا سورە لەسەر پاراستنی كەلتوری رۆژهەڵاتییانە.

ئەگەرچی بادانەوەی توركیا بەلای رۆژهەڵاتدا شتێكە زیاتر پەیوەندیی بەتوركیاوە هەیەو ئەنكەرە بەپێی بەرژەوەندییەكانی خۆی بڕیاری لێ‌ دەدا، بەڵام ئەم بادانەوەیە خەریكە سیاسەتی دەرەوەی توركیا روبەڕوی بەرژەوەندییە جیهانییەكان دەكاتەوە. مانگی رابردوو، راگەیاندنی رێكەوتنێك لەنێوان توركیاو ئێران‌و برازیل سەبارەت بەچارەسەركردنی كێشەی پڕۆژەی ئەتۆمیی ئێران‌و پاشان سەردانەكەی ئەردۆغان‌و سەرۆكی برازیل بۆ تاران بۆ جێبەجێ‌ كردنی رێككەوتنی گواستنەوەی یۆرانیۆمی پیتێنراو لەئێرانەوە بۆ توركیا، وا لێكدرایەوە كە توركیا لەم رێگەیەوە دەیەوێ‌ فریای ئێران بكەوێ‌‌و لەسزای سەپێنراوی ئەنجومەنی ئاسایش رزگاری بكا. لەئەنجومەنی ئاسایشیش توركیا لەدژی سەپاندنی سزا بەسەر ئێراندا دەنگی دا.

بەهەمان پێودانگ، هێرشی كۆماندۆی ئیسرائیل بۆ سەر كاروانی كەشتیگەلی ئازادی كەبەنیاز بوو كۆمەكی مرۆیی بگەیەنێتە كەرتی غەززە، قەیرانیكی گەورەی لەپەیوەندییەكانی توركیاو ئیسرائیلدا دروست كردو ئەمەش كاریگەریی لەسەر سیاسەتی ئەمریكا بەرامبەر بەتوركیا بەجێ‌ دێڵێ‌.

گومان لەوەدا نیە كەواشنتن لەم سیاسەتەی توركیا نیگەرانە، بەڵام ئەمریكییەكان هەمو ئۆباڵی ئەم سیاسەتە ناخەنە ملی توركەكان، بەڵكو بەشێكی دەخەنە ملی ئەوروپا. وەزیری دەرەوەی ئەمریكا رۆبەرت گیتس بەو جۆرە گوزارشتی لەم بۆچونە كرد كەوەرنەگرتنی توركیا بەئەندام لەیەكێتیی ئەوروپا، توركیای هانداوە بەلای رۆژهەڵاتدا با بداتەوە. بەكردەوە، لەساڵی 1963وە توركیا بەشێوەیەكی فەرمی لەدەرگای ئەوروپا دەداو تائێستا دەرگای لێ‌ نەكراوەتەوە. توركەكان ئەوەندە لەدەرگایان دا، بێزار بون. لەترابزون ئەردۆغان بەتوڕەیییەوە وتی ((پەنجا ساڵە گاڵتەمان پێ‌ دەكەن‌و ئێستاش هەر گاڵتەمان پێ‌ دەكەن)). لەڕاستیدا نەك هەر دەسەڵات لەكەمتەرخەمیی ئەوروپا بێزارە، بەڵكو ناوەندە سیاسی‌و ئەكادیمییەكانیش. لەو سیمینارەدا كەسەنتەری لێكۆڵینەوەی سیاسیی زانكۆی سەپانجی لەئیستانبول‌و ئەكادیمیای ئەمریكاییی ترانس ئەتلانتیك پێكەوە سازیان كرد، ئەو ئەنجامە هاتە ئاراوە كەكاتی ئەوە هاتوە وەرگرتن‌و وەرنەگرتنی توركیا لەیەكێتی ئەوروپا بەلایەكدا بكەوێ‌. لەم روەوە توركیا گوشارێكی زۆر دەخاتە سەر ئەوروپاو لەهەندێ‌ روەوە ئەردۆغان هەوڵیداوە دورایییەكی ئاینی بەدوودڵیی ئەوروپا ببەخشێ‌ گوایە ئەوروپای مەسیحی نایەوێ‌ مافی ئەندامێتی بەتوركیای موسڵمان بدا.

هەوڵی توركیا بۆ نواندنی رۆڵێكی تازە لەناوچەكەدا تینی بۆ ئەمریكاو ئەوروپا هێناوە. ئەگەرچی ئەم رۆڵە تازەیە ناوبانگێكی زۆری بۆ توركیا پەیدا كردوە، بەڵام مەسەلەكە بەقەد ئەوەی كەمەسەلەی بەرژەوەندی‌و توانایە، بەقەد ئەوە مەسەلەی ناوبانگ نیە. لەناوچەیەكی پڕ كێشمەكێشی وەكو رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، سیاسەت بەئاسانی بەڕێوە ناچێ‌‌و هەندێ‌ جار كارەساتی لێ‌ دەكەوێتەوە.
Print